Add parallel Print Page Options

11 سندوقی خودا دەستی بەسەردا گیرا و هەردوو کوڕەکەی عێلیش، حۆفنی و فینەحاس کوژران.

مردنی عێلی

12 پیاوێکی بنیامینیش لە بەرەی جەنگەوە ڕایکرد و هەر لەو ڕۆژەدا هاتە شیلۆ، جلەکانی دڕابوون و سەری تۆزاوی بوو. 13 هات و بینی وا عێلی لەسەر کورسییەک لە قەراغ ڕێگاکە دانیشتووە و چاوەڕێیەتی، چونکە دڵی بۆ سندوقی خودا لە مەراقدا بوو. کاتێک پیاوەکە هاتە ناو شارۆچکەکە و هەواڵەکەی ڕاگەیاند، هەموو شارۆچکەکە هاواریان لێ بەرزبووەوە.

14 عێلیش گوێی لە دەنگی هاوارەکە بوو و گوتی: «دەنگی ئەو هاتوهاوارە چییە؟»

ئینجا پیاوەکە بە پەلە هات و بە عێلی ڕاگەیاند. 15 عێلیش تەمەنی نەوەد و هەشت ساڵ بوو و چاوەکانی لە دەستدا بوو و توانای بینینی نەبوو. 16 پیاوەکە بە عێلی گوت: «من لە بەرەی جەنگەوە هاتووم و هەر ئەمڕۆ من لە بەرەکە هەڵاتووم.»

عێلیش پرسی: «چی ڕوویدا، کوڕم؟»

17 هەواڵدەرەکەش وەڵامی دایەوە و گوتی: «ئیسرائیل لەبەردەم فەلەستییەکان هەڵات و هەروەها بەزینێکی گەورە لەناو سوپادا ڕوویدا و هەروەها هەردوو کوڕەکەت، حۆفنی و فینەحاس کوژران، سندوقی خوداش دەستی بەسەردا گیرا.»

18 جا کە باسی سندوقی خودا کرا عێلی لەسەر کورسییەکە بەرەو دواوە کەوت بەلای دەروازەکەدا و ملی شکا و مرد، چونکە پیاوێکی پیر و قورس بوو، چل ساڵ ڕابەرایەتی ئیسرائیلی کرد.

19 بووکەکەی عێلی، ژنەکەی فینەحاس سکی پڕ بوو، لە مانگی خۆی بوو، کاتێک بیستی سندوقی خودا بردراوە و خەزوور و مێردەکەشی مردوون، ژانی گرت و منداڵی بوو. ژانەکەی زۆری بۆ هێنا، 20 لە سەرەمەرگدا ئەو ژنانەی بەسەرییەوە وەستابوون پێیان گوت: «مەترسە، چونکە کوڕێکت بووە.» بەڵام وەڵامی نەدایەوە و گوێی پێنەدا.

21 منداڵەکەشی ناونا ئیخاڤۆد[a] و گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا.» چونکە سندوقی خودا بردرا و لەبەر خەزوور و مێردەکەشی. 22 ئینجا گوتی: «شکۆمەندی لە ئیسرائیل داماڵرا، چونکە سندوقی خودا بردرا.»

سندوقی خودا لە ئەشدۆد و عەقرۆن

فەلەستییەکانیش سندوقی خودایان برد و لە بەردی یارمەتییەوە هێنایان بۆ ئەشدۆد[b]. ئینجا فەلەستییەکان سندوقی خودایان برد و هێنایان بۆ پەرستگای داگۆن و لەتەنیشت داگۆن[c] دایاننا. جا ئەشدۆدییەکان بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە! ئینجا داگۆنیان هەڵگرت و لە شوێنەکەی خۆی دایاننایەوە. بۆ سبەینێ بەیانی زوو لە خەو هەستان و بینییان وا داگۆن لەبەردەم سندوقی یەزدان بەدەمدا کەوتووە، سەری داگۆن و هەردوو دەستی بڕاونەتەوە و لەسەر سەکۆی دەروازەکە دانراون، تەنها بەشی سەرەوەی پەیکەری داگۆن ماوەتەوە. لەبەر ئەوە کاهینەکانی داگۆن و هەموو ئەوانەش کە دەچنە ناو پەرستگای داگۆن لە ئەشدۆد، هەتا ئەمڕۆش پێ لەسەر سەکۆی دەرگاکە نانێن.

یەزدان بە دەستێکی بەهێز لە خەڵکی ئەشدۆد و دەوروبەری دا، خراپەی بەسەرهێنان، تووشی ئاوسانی[d] جەستەی کردن. کاتێک پیاوانی ئەشدۆد بینییان وایە، گوتیان: «نابێت سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل لەلامان بمێنێتەوە، چونکە دەستی لەسەر ئێمە و لەسەر داگۆنی خوداوەندمان قورس بووە.» جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان بۆ لای خۆیان کۆکردەوە و گوتیان: «چی لە سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بکەین؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «با سندوقی خوداوەندی ئیسرائیل بگوازرێتەوە بۆ گەت.» ئینجا سندوقی خودای ئیسرائیلیان بۆ گەت گواستەوە.

بەڵام پاش ئەوەی گواستیانەوە، یەزدان دژایەتی شارەکەی کرد و زۆر بە توندی ئەوانی تۆقاند، لە خەڵکی شارەکەی دا، لە بچووکەوە هەتا گەورە، تووشی ئاوسان هاتن. 10 ئینجا سندوقی خودایان بۆ عەقرۆن نارد.

جا کە سندوقی خودا چووە ناو عەقرۆنەوە، عەقرۆنییەکان هاواریان کرد و گوتیان: «سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلیان بۆ ناو ئێمە گواستەوە هەتا خۆمان و گەلەکەمان بکوژن.» 11 جا ناردیان و هەموو حوکمڕانە فەلەستییەکانیان کۆکردەوە و گوتیان: «سندوقی خودای ئیسرائیل بنێرن و با بگەڕێتەوە بۆ شوێنەکەی خۆی، با خۆمان و گەلەکەمان نەمرین.» چونکە ترسی مردن لەناو هەموو شارەکەدا هەبوو و دەستی خودا لەوێ زۆر قورس بوو. 12 ئەوانەش کە نەمردن تووشی ئاوسان بوون، هاواری شارەکە بۆ ئاسمان بەرزبووەوە.

سندوقی یەزدان بۆ ئیسرائیل دەگێڕنەوە

جا سندوقی یەزدان حەوت مانگ لە خاکی فەلەستییەکان بوو. فەلەستییەکانیش کاهین و فاڵگرەوەکانیان بانگکرد و گوتیان: «چی لە سندوقی یەزدان بکەین؟ پێمان بڵێن لەگەڵ چی بینێرینەوە بۆ شوێنەکەی خۆی.»

ئەوانیش گوتیان: «ئەگەر سندوقی خوداوەندی ئیسرائیلتان ناردەوە، ئەوا بە دەستی بەتاڵ مەینێرنەوە، بەڵکو بە تەواوی قوربانی تاوانی لەگەڵ بنێرن. ئینجا چاک دەبنەوە و دەزانن بۆچی دەستی لەسەر ئێوە هەڵنەگرتووە.»

پرسییان: «ئەو قوربانی تاوانە چییە کە بۆی بگەڕێنینەوە؟»

ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «بەپێی ژمارەی حوکمڕانە فەلەستییەکان، پێنج پارچە زێڕ لە شێوەی ئاوسان و پێنج جرجی[e] زێڕین، چونکە خۆتان و حوکمڕانەکانتان تووشی هەمان دەرد بوون. چەند پارچە زێڕێک لە شێوەی ئاوسان و جرجەکانتان دروستبکەن کە زەوی تێکدەدەن و خودای ئیسرائیل شکۆدار بکەن، بەڵکو دەستی لەسەر خۆتان و خوداوەندەکانتان و خاکەکەتان سووک بکاتەوە. بۆچی دڵی خۆتان ڕەق دەکەن، وەک میسرییەکان و فیرعەون دڵی خۆیان ڕەقکرد؟ کاتێک خودا بە توندوتیژی هەڵسوکەوتی لەگەڵدا کردن، ئایا ئیسرائیلییەکانیان ئازاد نەکرد و بە شوێنی خۆیاندا نەڕۆیشتن؟

«ئێستاش عەرەبانەیەکی نوێ ئامادە بکەن، لەگەڵ دوو مانگای شیردەر کە هەتا ئێستا نیریان لە مل نەکرابێت. مانگاکان بە عەرەبانەکەوە ببەستنەوە و گوێرەکەکانیان لێ دووربخەنەوە و بیانگەڕێننەوە ناو پشتیرەکە[f]. ئینجا سندوقی یەزدان ببەن و بیخەنە سەر عەرەبانەکە، ئەو شتومەکە زێڕەی کە وەک قوربانی تاوان بۆی دەگەڕێننەوە لە سندوقێکی دیکەدا لەلایەوە دایبنێن. عەرەبانەکە بەڕەڵا بکەن با بڕوات، بەڵام سەیر بکەن ئەگەر هاتوو بە ڕێگای سنوورەکەی خۆی سەرکەوت بەرەو بێت‌شەمەش، ئەوا یەزدان ئەم بەڵا گەورەیەی بەسەرماندا هێناوە، ئەگەرنا ئەوا دەزانین کە دەستی ئەو لێی نەداوین و بە ڕێککەوت بەسەرمان هاتووە.»

10 پیاوەکانیش بەم جۆرەیان کرد، دوو مانگای شیردەریان برد و لە عەرەبانەکە بەستیانەوە، گوێرەکەکانیان لە پشتیرەکە بەند کرد، 11 سندوقی یەزدانیشیان لەگەڵ سندوقی پارچە زێڕەکان لە شێوەی ئاوسان و جرجە زێڕینەکان خستە سەر عەرەبانەکە. 12 جا مانگاکان ڕێک ڕووەو ڕێگای بێت‌شەمەش ڕێیان گرتەبەر و هەردووکیان بە یەک ڕێگادا دەڕۆیشتن و دەیانبۆڕاند، نە بەلای ڕاست و نە بەلای چەپدا لایان نەدا، حوکمڕانە فەلەستییەکانیش بەدوایانەوە هەتا سنووری بێت‌شەمەش ڕۆیشتن.

13 خەڵکی بێت‌شەمەش لەو کاتەدا لە دۆڵەکە دروێنەی گەنمیان دەکرد، چاویان هەڵبڕی و سندوقەکەیان بینی، بە بینینی شاد بوون. 14 عەرەبانەکە هات و لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ڕاوەستا، لەوێدا بەردێکی گەورە هەبوو. خەڵکەکە تەختەی عەرەبانەکەیان هەڵوەشاندەوە و مانگاکانیان کردە قوربانی سووتاندن و بۆ یەزدان پێشکەشیان کرد. 15 لێڤییەکانیش سندوقی یەزدان و ئەو سندوقەی لەگەڵی بوو کە شتومەکە زێڕەکەی تێدابوو دایانگرت و لەسەر بەردە گەورەکە دایاننان. ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەشیش لەو ڕۆژەدا قوربانی سووتاندن و قوربانی سەربڕاویان بۆ یەزدان پێشکەش کرد. 16 پێنج حوکمڕانە فەلەستییەکانیش ئەمەیان بینی و لەو ڕۆژەدا گەڕانەوە بۆ عەقرۆن.

17 ئەمەش ئەو ئاوسانییە زێڕانە بوون کە فەلەستییەکان وەک قوربانی تاوان بۆ یەزدانیان گەڕاندەوە، بۆ ئەشدۆد و غەزە و ئەسقەلان و گەت و عەقرۆن، هەر یەکی دانەیەک. 18 ژمارەی جرجە زێڕینەکانیش بەپێی ژمارەی ئەو شارانەی فەلەستییەکان بوون کە سەر بە پێنج حوکمڕانەکە بوون؛ لە شاری قەڵابەندەوە هەتا گوندی دەشتودەر. ئەو بەردە گەورەیەی کە سندوقی یەزدانیان لەسەر دانا هەتا ئەمڕۆ شایەتییە، لەناو کێڵگەکەی یەشوعی بێت‌شەمەشی ماوە.

19 بەڵام یەزدان لە پیاوانی بێت‌شەمەشی دا، حەفتا کەسیان مردن چونکە تەماشای ناو سندوقی یەزدانیان کرد. ئیتر گەل شیوەنیان گێڕا، چونکە یەزدان لێدانێکی گەورەی لە گەل دا. 20 ئینجا پیاوانی بێت‌شەمەش گوتیان: «کێ دەتوانێت لەبەردەم یەزدانی خودای پیرۆز ڕابوەستێت؟ لەلای ئێمەوە بۆ لای کێ سەردەکەوێت؟»

21 ئیتر نێردراوانیان بۆ لای دانیشتووانی قیریەت یەعاریم نارد و گوتیان: «فەلەستییەکان سندوقی یەزدانیان گەڕاندەوە. دابەزن و بۆ لای خۆتان سەری بخەن.»

Footnotes

  1. 4‏:21 (ئیخاڤۆد) واتە شکۆمەند نییە.‏
  2. 5‏:1 شارێکی فەلەستییەکان بوو.‏
  3. 5‏:2 واتە پەیکەری داگۆن.‏
  4. 5‏:6 ئەم نەخۆشییە کە لە ڕێگای جرجەوە بووە، دەشێت تاعوونە ڕەشە بێت کە لووی لیمفاوی لەبن باڵ و بن ڕان دروستدەکات.‏
  5. 6‏:4 یان جورج.‏
  6. 6‏:7 پشتیر: گەوڕ، شوێنێکی تایبەت بووە بە پەروەردەکردنی ئاژەڵ.‏